کۆڕبەندى رێکخراوەکان بەڕێوەچوو

لە ڕۆژانى ٨-٩/١٢/٢٠١٩ لە هەولێر کۆڕبەندى رێکخراوە ناحکومییەکان کە لەلایەن ETTC رێکخرابوو بە بەشدارى ژمارەیەک لە رێکخراوەکان و دامەزراوە حکومییەکان بەڕێوەچوو.

سەرەتاى کۆڕبەند بە وتارى ئەکرەم جەمۆ سەرۆکى فەرمانگە و وتارى جیهاد زیڕۆ بەڕێوەبەرى سەنتەرى ڕاهێنانى تەکنەلۆجیاى ئەوروپى بەرێوەچوو.

سەرۆکى فەرمانگە لە وتارەکەیدا سوپاسی ETTC کرد لەسەر رێکخستنى کۆڕبەندەکە و ئاماژەى بە داتا و ڕێژەى رێکخراوەکان کرد و گوتى: ڕێژەى رێکخراوەکان لە کوردستاندا جێگەى دڵخۆشییە و کوالێتى و چالاکى رێکخراوەکانیش زیاتر پێویستى بە بەرەوپێشبردنە و لەوپێناوەدا فەرمانگە هەوڵەکانى چڕدەکاتەوە و هەماهەنگ دەبین لەگەڵ دامەزراوەکانى هەرێم.

بەڕێوەبەرى ETTC گوتى: سەنتەرەکەمان لە خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردستان بەردەوام دەبێت و هەوڵ و چالاکییەکانى درێژە پێدەدات و لە چالاکییەکانى لە چوارچێوەى بەرنامەى پێگەیاندن و ڕاهێنان درێژە پێدەدات.

وتارى سەرۆکایەتى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران لەلایەن د. بۆتان بەکر پێشکەشکرا و ئاماژەى بە گرنگیدانى حکومەت کرد بۆ کەرتى رێکخراوە ناحکومییەکان و گوتى ئێمە هەوڵ دەدەین گرنگى زیاتر بە رێکخراوەکان بدەین و زەمینەیان لەبەردەم خۆشبکەین بۆ کار و چالاکییەکانیان و گوتیشى: کار دەکەین بۆ زەمینەسازى بۆ جێبەجێکردنى یاساکان و پەیماننامەکان کە لە بەرژەوەندى رێکخراوەکان و حکومەتدایە.

دواتریش لە کۆڕبەندەکەدا وتارێک لەلایەن حەیدەر مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى پلاندانان و هۆشەنگ محەمەد بەڕێوەبەرى ناوەندى هەماهەنگى قەیرانەکان پێشکەشکرا و دواتر ئامادەبووان بەسەر چوار گروپدا دابەشکران و چوار تەوەرى سەرەکى گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا.

کۆڕبەندەکە دوو ڕۆژى خایاند و چەندین بابەت و پانێڵ پێشکەشکران و چەندین پێشنیار و ڕاسپاردە گەڵاڵە کران.