پەیمانی هاوبەشی و گه‌شه‌پێدان لە نێوان دەسەڵاتە گشتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان - عێراق

 

I. پێشەکی

ئەم پەیمانە بریتییە لە رێککەوتنی نێوان دەسەڵاتە گشتییەکان، کە بریتیین لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن، لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان - عێراق. ئامانجی گشتیی پەیمانەکە بریتییە لە جەختکردنەوە لەوەی سەرجەم لایەنەکان پێکەوە بە شێوەیەکی کارا و بە هاوبەشی کار دەکەن بە مەبەستی پتەوکردنی دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و فەرمانڕەوایی باش لە پێناو بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگە و هاوڵاتیانی.

ئەم پەیمانە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی بواری هاوکارییە وەك قۆناغێکی بنەڕەتیی لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان– عێراق. دەسەڵاتە گشتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان دەتوانن لە ڕێی دانوستانەوە پەیوەندییەکی پتەو و باشتر پێک بهێنن و بچەسپێنن، وەك چۆن لە ئامانجەکانی یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (2011) یاسای ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان هاتووە.

ئەم پەیمانە پشت دەبەستێت بەو تێگەیشتنەی کە لە پێناو بەدیهێنانی سیستمێکی دیموکراتیی بەردەوام و گەشەسەندوو، دەبێت لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردا دەسەڵاتە گشتییەکان بەشداریی بە هاوڵاتیان و رێکخراوە ناحکومییەکان بکەن.

ئەم پەیمانە ئەم خاڵانە ڕوون دەکاتەوە:

●       رۆڵی تەواوکاری دەسەڵاتە گشتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان؛

●       پرەنسیپەکان و ئامانجەکان و میکانیزمەکانی هاوکاریی نێوان هەردوو لایەنەکە؛

●       ئەولەوییاتی هاوکاری و پێکەوە کارکردن و هاوبەشیکردن؛ و

●       میکانیزمی جێبەجێ کردن و چاودێری کردن.

  

ئەم پەیمانە ئەم خاڵانەی خوارەوە دەسەلمێنێت:

●       پاراستنی سەربەخۆیی رێکخراوە ناحکومییەکان تەنانەت ئەگەر پشتیوانی داراییش لە دەسەڵاتە گشتییەکان وەربگرن.

●       بەشداریی کارای رێکخراوە ناحکومییەکان لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات.

●       مافی رێکخراوە ناحکومییەکان لە ئەنجامدانی چالاکییەکانی داکۆکیکردن لە بەرامبەر بە دەسەڵاتە گشتییەکان.

II. بەیاننامەی نوێنەرایەتیی

دەسەڵاتە گشتییەکان (دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن) و رێکخراوە ناحکومییەکان بە هاوبەشی بەندەکانی ئەم پەیمانەیان داڕشت، پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کرد لە (12/6/2013 ).

III. بەها و پرەنسیپەکان

1. هاوبەشیی هاوتایانه

دەسەڵاتە گشتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان بە شێوەیەکی پڕبایەخ و هاوتا لەناو کۆمەڵگەدا ڕۆڵی تەواوکاری دەگێڕن، رێکخراوە ناحکومییەکان دان دەنێن بە رۆڵی دەسەڵاتە گشتییەکان کە بە شێوەیەکی دیموکراتیی هەڵبژێردرابن، دەسەڵاتە گشتییەکانیش پابەند دەبن بە پاراستن و بەرزڕاگرتنی مافی هاووڵاتیان و رێکخراوەکانیان لە رێکخستنی خۆیان و لە داڕشتنی ئامانجەکانیان و ئەنجامدانی چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی یاسادا، هەردوولا دان دەنێن بە بایەخ و بەهای هەبوونی پەیوەندییەکی ئەرێنی و هاوبەشییەکی بەبڕشت (بەرهەمدار) لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی بە شێوەیەکی کاراتر.

2. سەربەخۆیی

رێکخراوە ناحکومییەکان ئازادن و سەربەخۆیی تەواویان هەیە لە:

1.      دامەزراندن و بەڕێوەبردنی کارەکانی خۆیان بە پێی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆیی رێکخراوەکانیان لە چوارچێوەی یاسای رێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان؛

2.      مافی ئەنجامدانی چالاکی و هەڵمەت و دەربڕینی سەرنج و بیروبۆچوونیان لەسەر سیاسەتەکانی دەسەڵاتە گشتییەکان، بۆیان هەیە هەر رێگە و ئامرازێکی دیکەی مەدەنی و یاسایی بگرنە بەر؛ و

3.      کاتێک لە بودجەی گشتیی (تەمویل) دەدرێت بە رێکخراوە ناحکومییەکان، نابێت کۆت و بەند و مەرجی سیاسی بسەپێندرێت بەسەریاندا و کار بکاتە سەر سەربەخۆییان.

3. شەفافییەت و بەرپرسیارێتی

سەبارەت بە چالاکییەکان و بەکارهێنانی سەرچاوە تەرخانکراوەکان، و لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی، پێویستە دەزگا گشتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان کراوە بن و بکەونە ژێر بەرپرسیارێتی. لە پێناو چەسپاندنی شەفافییەت، هەردوو لایەن پابەند دەبن بە دابینکردن و گەیاندنی داتا و زانیارییەکان بە هاوڵاتیان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن.

4. یەکسانیی لە مامەڵەکردن

ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دەسەڵاتە گشتییەکان پابەند دەبن بە پرەنسیپی یەکسانیی و ئازادیی لە نێوان سەرجەم هاوڵاتیان و رێکخراوەکانیان لە بەشداریی لە بواری گشتیی. هەردوو لایەن دان دەنێن بە:

1.      جۆراوجۆریی ڕێکخراوەکان و شێوازی بیرکردنەوەیان و ئامانجەکانیان؛ و

2.      پێویستی خۆپاراستن لە ناوزڕاندن و بە کەم سەیرکردنی توانای رێکخراوەکانی دیکە یان بیروبۆچوونیان، یان ئەو کەسانەی کاری تێدا دەکەن.

5. رۆڵ و بەشداریی هاوڵاتیان

دەستپێشخەریی هاوڵاتیان و بەشداریی خۆبەخشانەیان لە بواری گشتییدا بریتییە لە بەشێکی دانەبڕاو لە کۆمەڵگەی دیموکراتدا. رێکخراوە ناحکومییەکان یەکێکن لە کەناڵی نوێنەرایەتیکردنی بەها و بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکان لە بوارەکانی وەك داڕشتنی سیاسەتەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گونجاو بە کۆمەڵگە خۆجێیەکان.

 

6. کارایی و بەردەوامبوون

دەسەڵاتە گشتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان پابەند دەبن بە پەیمانەکانیانەوە لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی پەیمانەکە، کارکردن بۆ درێژەدان و بەردەوامیی هاوبەشیی و هاوکاری نێوانیان لە پێناو گەشەسەندنێکی بەردەوام سەرەڕای هه‌‌ر گۆڕانکاریهكی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی.

IV. ئامانجی چاوەڕوانکراو لەم هاوبەشییە و پابەندبوونە پێویستەکان

ئامانجی 1: کۆمەڵگەی مەدەنیی چالاک و رێکخراوی کارا

بەڵێنەکانی دەسەڵاتە گشتییەکان:

1.      گەرەنتیکردنی پتەوکردنی كلتورى هاوڵاتیبوون.

2.      پێویستە دەسەڵاتە گشتییەکان دەستپێشخەریی بکەن بۆ رێکخستنی مێزگرد و گفتوگۆی کراوە بۆ تیشک خستنە سەر بایەخی هەبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی و روونکردنەوەی رۆڵی هەبوونی رێکخراوە ناحکومییەکان لە کۆمەڵگەی دیموکراتیدا، ههروهها دروستکردنی پردی پەیوەندیی لە نێوان رێکخراوە ناحکومییەکان و دەسەڵاتە گشتییەکان.

3.      دابینکردنی بەرنامەی تواناسازی بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان بە پێی پێویستییەکانی رێکخراوەکان، و لە رێگەی پلانێکی تۆکمەوە.

4.      گەرەنتیکردنی هەبوونی سیستەمێکی کارا بۆ پشتگیریی لە دەستپێشخەریی مەدەنی، لە نێویاندا ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاوێژکاری و خولی ڕاهێنان، کە بۆ رێکخراوە نوێیەکانیش بەردەست دەبێت، بە مەبەستی یارمەتیدانیان لە بونیادنانی تواناکانیان و بەدیهێنانی ئەنجامی ئەرێنی.

5.      گەرەنتیکردنی پشتگیریکردنی پرۆژەی رێکخراوە ناحکومییەکان و دابینکردنی سەرچاوەی مادی و مەعنەوی بۆیان بە شێوەیەکی پیشەیی و دادپەروەرانە، کە بتوانن ئامانجە گشتییەکان بەدی بهێنن.

6.      دانانی سیستەمێکی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان.

7.      گەرەنتیکردنی شەفافییەت لە ڕێی گەیاندنی داتا و زانیاری و زیاترکردنی توانای دەستگەیشتن بە داتا و زانیارییەکان، بە شێوەیەك کە رێگە بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان و هاوڵاتیان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن خۆش بکات بۆ دەربڕینی ناڕازیبوون لە سیاسەتە پیادەکراوەکان و لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و بۆ بەرپرسیارکردنی دەسەڵاتە گشتییەکان.

8.      ڕەچاوکردنی دابینکردنی شێوازی جۆراوجۆری پشتگیریی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، وەك دەرفەت رەخساندن بۆ بەکارهێنان و سودوەرگرتن لەو شوێن و جێگە و سەرچاوانەی موڵکی دەوڵەتن.

 

بەڵێنەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان:

1.      داڕشتنی بەرنامە و پرۆژە بۆ پتەوکردنی كلتورى هاوڵاتیبوون.

2.      رێکخستنى گفتوگۆ لەسەر هەندێک چەمك وەك: دیموکراسی، هاوڵاتیبوون، کۆمەڵگەی مەدەنی، شەفافییەت، بەرپرسیارێتی و بەشداریی هاولاتیان لە کاروبارە گشتییەکان.

3.      هەوڵدانی بەردەوام بۆ کاری جیاواز و کارا، پیشەییبوون، و نایابێتی لە پێناو بەدیهێنانی باشترین ئەنجام لە کارەکانی.

4.      پابەندبوون بە فێربوونی بەردەوام، و دانانی پەیامی ڕوون و ئامانجی دیاریکراو کە بتوانرێت بهێنرێتە دی، دانانی میکانیزمی بەرپرسیارکردن لە پێناو ئاشناکردنی هاوڵاتیان و زیاترکردنی متمانەیان بە رێکخراوە ناحکومییەکان.

5.      ئاشناکردنی لایەنگر و ئەندام و کارمەند و سودمەندانی پرۆژەکان و هاوڵاتیان بە پرەنسیپەکانی هاوکاریی دوولایەنە (ڕێکخراوە ناحکومییەکان و هاولاتیان)، و ئەولەوییاتی کار و مومارەساتی باش.

6.      پابەندبوون بە پاراستنی مافەکانی تاکەکان لە نێو رێکخراوە ناحکومییەکان و کارکردن بە پرەنسیپە دیموکراسییەکان لە بەڕێوەبردنی رێکخراوەکان.

ئامانجی 2: بەشداریی چالاک لە دروستکردنی سیاسەتەکاندا

بەڵێنەکانی دەسەڵاتە گشتییەکان:

1.      بە-دامەزراوەییکردنی بەشداریی هاوڵاتیان لە دروستکردنی سیاسەتەکان لە پەرلەمان و حکومەت.

2.      پەرلەمانی کوردستان لە دروستکردن و داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکاندا راوێژ لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەکات لە ڕێگەی کەناڵی جیا جیا.

3.      ئەندامانی پەرلەمان کار بە پرەنسیپی کۆبوونەوەی کراوە بکەن لەگەڵ خەڵك لە ناوچەکانیان، و کۆبوونەوەی گشتیی ساز بکەن بۆ تاوتوێی سیاسەتە گشتییەکان .

4.      پتەوکردنی توانای ناوەندەکانی توێژینەوەى تایبەتمەند تا بتوانن بەشداریی بکەن لە پێشکەشکردنی ڕاوێژ و لێکۆڵینەوە لەسەر سیاسەتە گشتییەکان.

5.      دەرکردنی یاسایەك کە مافی دەستگەیشتن بە زانیاریی فەراهەم بکات، لەگەڵ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی.

6.      گەرەنتی بوونی کەناڵی پەیوەندیی شەفاف و ئاسان بۆ ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵكی.

7.      وەڵامدانەوەی خێرا و کارا بۆ دەستپێشخەرییەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان.

8.      رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان تا نوێنەری خۆیان دابنێن لە دەستە و دەزگا و لیژنە کراوەکان، و رێزگرتن لەو دەسەڵاتەی بە نوێنەرەکان دەبەخشرێت.

9.      دانپێدانان بەوەی بە تەنها هیچ رێکخراوێک یان تۆڕبەندێک نوێنەرایەتیی هەموو رێکخراو و تۆڕەکانی کوردستان ناکات.

10. کارکردن لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان لەسەر داڕشتنی سیاسەتەکان لە قۆناغە بەراییەکانەوە، جەختکردنەوە لە بەشداریی ئەو رێکخراوانەی ئەگەری ئەوەیان هەیە بۆچوونی خۆیان هەبێت هەر لە دەستپێکی پرۆسەکەوە، لابردنی ئەو ئاستەنگانەی رێگە لە بەشداریی رێکخراوەکان دەگرن.

11. گەیاندنی ئاگادارینامەیەکی پێشوەخت سەبارەت بە گفتوگۆ و ڕاوێژ و بابەتەکانی داهاتوو، بۆ ئەوەی رێکخراوە ناحکومییەکان کاتی پێویستیان لەبەردەستدا بێت تاوەکو بەشداریی بە خاوەن بەرژەوەندییەکان بکە لە ئامادەکردنی وەڵامەکانیاندا.

12. پێویستی وەرگرتنی سەرنج و دەرهاویشتەی رێكخراوه وەڵامدەرەکان، ههروهها پیشاندانی بڕی کاریگەری وەڵامدەرەکان لەسەر داڕشتنی سیاسەتەکان، لەگەڵ ئاماژەدان بەو بۆچوونانەی وەڵامدەرەکان کە ڕەچاو نەکراون یان بهدواداچوونیان بۆ نەکراوە.

13. ئەنجامدانی راوێژی فەرمی و کاریگەر، بە نوسراو یان بە هەر رێگەیەکی تر، لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دابینکردنی هۆکار و ڕوونکردنەوەی لۆجیکى بؤ هةر برِياريَك.

 

بەڵێنەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان:

1.      پیادەکردنی سیاسەتی هەڵمەت ئەنجامدان و داکۆکی و فشار (لۆبی) بۆ جەختکردنەوە لە بوونی میکانیزمی ڕاوێژ لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان سەبارەت بە سیاسەتە گشتییەکان لە پەرلەمان و دەستگاکانی جێبەجێکردن، و جەختکردنەوە لە پیادەکردنی ئەو میکانیزمانە.

2.      پاڵپشتیکردنی ڕاوێژەکانی حکومەت و بەدەمەوەچوونی بە پێی توانا.

3.      ڕاوەرگرتنی ئەندامان و سوودمەندان و بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکان و خۆبەخشەکان و ڕازگران لە کاتی نوێنەرایەتیکردن لە دەزگا گشتییەکان. ڕوونکردنەوەی ئەوەی نوێنەرایەتی کێ دەکرێت (بە شێوەیەکی زانستی و پیشەیی)، خەسڵەتەکەی، و ئەو بناغانەی ئەم نوێنەرایەتییەی لەسەر دامەزراوە.

4.      لە کاتی گەڵاڵەکردنی بیرۆکە و پێشنیار بۆ ئایندە، جەخت دەخرێتە سەر ئەو ڕێگەچارانەی پشت بە بەڵگە دەبەستن، لەگەڵ پێشکەشکردنی پێشنیاری ڕوون لەسەر ئەنجامە ئەرێنییەکان و لە چوارچێوەی کاتبەندییەک كه رێككهوتنی لهسهركرابێ.

5.      پشتگیریی لە هاوکاریی نێوان ڕێکخراوە ناحکومییەکان و هاوکات رێزگرتن و بە هەند وەرگرتنی بیروبۆچوونی رێکخراوە ناحکومییەکانی تر.

6.      جەختکردنەوە لە رِيَزطرتن لة سەربەخۆیی رێکخراوەکان و رێزگرتن لەو سەربەخۆییە، جەختکردنەوە لەو دۆزەی نوێنەرایەتیی دەکرێت، بە بێ ڕەچاوکردنی هيج پەیوەندییەك لەگەڵ دهسهڵاته گشتییەکان، جا دارایی بێت یان هی دیکە.

ئامانجی 3: تەمویلی بەردەوامی دەستپێشخەرییە مەدەنییەکان

بەڵێنەکانی دەسەڵاتە گشتییەکان:

1.      ڕەچاوکردنی شێوازی جۆاروجۆر بۆ تەمویلکردنی پرۆژەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دابینکردنی سەرچاوە بۆیان، لەناو ئەمەشدا کۆمەك و گرێبەست و تەمویلکردنی قەرز و بەکارهێنانی باڵەخانە و خزمەتگوزاریی گشتیی. کارکردن بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی دێنە پێش رێکخراوەکان لە بواری بەدەستهێنانی تەمویل لە دارایی گشتیی، بە تایبەتی رێکخراوە بچووکەکان.

2.      دانانی سندوقێک بۆ پشتگیریی و تەمویلی پرۆژەی رێکخراوە ناحکومییەکان، کە بە یاسایەك رێک دەخرێت.

3.      جەختکردنەوە لە ئیدارەی باش و پیادەکردنی شەفافی له جاڕدانی پرۆپۆزەڵی پرۆژەکان، و گونجاندن و تەباییان لەگەڵ ئامانج و ئەنجامەکانی بەرنامەکە.

4.      جەختکردنەوە لە پیادەکردنی شەفافییەت لە ڕێی پێشکەشکردنی بناغەیەکی لۆجیکی و ڕوون بۆ هەر بڕیارێک لە بڕیارەکانی تەمویلکردن. پێشکەشکردنی سەرنج و ڕوونکردنەوەی هۆکارەکان بەوانەی داواکارییان پێشکەش کردووە ئەگەر داواکارییەکەیان بۆ وەرگرتنی تەمویل ڕەت کرایەوە.

5.      ڕێککەوتن لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان لەسەر شێوازی بەدواداچوون و چاودێریی چالاکی و ئەنجامەکان پێش ئەوەی گرێبەست یان رێککەوتننامەی تەمویل ساز بکرێت. جەختکردنەوە لەوەی چاودێری و ئامادەکردنی ڕاپۆرت پەیوەنددار دەبن بە بابەتەکەوە و لەگەڵ سروشت و قەبارەی دەرفەتەکە دەگونجێت. ڕوونکردنەوەی زانیارییە داواکراوەکان، و هۆی داواکردنی ئەو زانیارییانە، و چۆنیەتی بەکارهێنانیان، لەگەڵ دانپێدانان و پەسەندکردنی پێدانەوەی خەرجییە کارگێڕییە پەیوەنددارەکان کاتێک ڕێکخراوەکان داواکاریی بۆ وەرگرتنی کۆمەك پێشکەش دەکەن.

6.      ئامادەکردنی ڕوونکردنەوە و رێنمایی پێویست لەسەر شێوازی کارکردن لەسەر ئەو سەرچاوە نەختینە و نانەختینە تەرخانکراوانەی لە دارایی گشتیی دەدرێن، و چۆنیەتی بەکارهێنانیان، ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر بەکارهێنانیان.

7.      داڕشتنی سیستەمێکی باج کە هانی دەستپێشخەریی مەدەنی و کاری خێرخوازی بدات لە پێناو زیاترکردنی بایەخدانی کەرتی تایبەت بە پشتگیریی چالاکییە قازانج-نەویستەکان.

8.      جەختکردنەوە لە رێگە نەگرتن لە رێکخراوە ناحکومییەکان لە ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی یاسا ڕێگەی پێداون، لە پێناو پتەوکردنی بناغەی ئابوریان.

9.      دابینکردنی تەمویل بۆ پرۆژەی رێکخراوە ناحکومییەکان لە ڕێی بودجە و داهاتی وەزارەتە جۆراوجۆرەکان و هەر دامەزراوەیەکی دیکەی گشتیی لە هەرێمدا، بە گوێرەی تایبەتمەندییان.

10. جەختکردنەوە لە هاوبەشیی رێکخراوە ناحکومییەکان و وەرگرتنی ڕاوێژ و بۆچوونیان لەسەر ڕێوشوێن و رێنماییەکان، بەشدارییان لە لیژنەکانی هەڵسەنگاندنی پرۆژەکان (بە ڕەچاوکردنی ڕوونەدانی پێکدادانی بەرژەوەندیی).

 

بەڵێنەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان:

1.      جەختکردنەوە لە بەکارهێنانی سەرچاوە تەرخانکراوەکان بە شێوەیەکی کارا بۆ مەبەستە دیاریکراوەکانیان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە دیاریکراوەکان.

2.      جەختکردنەوە لە ڕەوایەتیی وەرگرتنی تەمویل پێش ئەوەی داواکاریی پێشکەش بکرێت، بە ڕاشکاوی و ڕوونییەوە تیشک بخرێتە سەر چۆنیەتی بەدەستهێنانی ئەنجامەکان.

3.      جەختکردنەوە لەوەی رێوشوێنەکان و رێساکانی بەڕێوەبردنی مەترسییەکان تەبا و پەیوەستن لەگەڵ بەدیهێنانی ئەنجامە خوازراوەکان بە باشترین شێوە، وەك ناردنی ئاگادارینامەی پێشوەخت بۆ تەمویلکاران سەبارەت بە هەر گۆڕانکارییەكی گرنگ کە لە ڕەوشەکەدا ڕووبدات.

4.      کرانەوە و شەفافییەت لە بەرامبەر ئامادەکردنی ڕاپۆرت و دانپێدانان بەوەی پرۆسەی وردبینی، دەرەکی بێت یان ناوخۆیی، یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ئیدارەی باش.

5.      پێویستە رێکخراوە ناحکومییەکان سەرچاوەی تەمویلەکانیان ئاشکرا بکەن و ڕایبگەیەنن.

 

ئامانجی 4: خزمەتگوزاریی بەرسڤی خێرا و کواڵیتیی باش

بەڵێنەکانی دەسەڵاتە گشتییەکان:

1.      ڕوونکردنەوەی پرەنسیپەکانی سپاردنی دەسەلات بە رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، و گەیاندنی بە هاوڵاتیان.

2.      پابەندبوون بە تەمویلی پرۆژەی درێژخایەن چونکە باشترین ڕێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئەنجامەکان، پێویستە ماوەی تەمویلی درێژخایەن بریتی بێت لە ڕەنگدانەوەی کاتی پێویست بۆ بەدیهێنانی ئەنجامەکە. ئەگەر دەرکەوت ناتوانرێت تەمویلی درێژخایەن پێشکەش بکرێ، بۆی هەیە تەمویلەکە ڕەت بکاتەوە و هۆیەکانی ئەم بڕیارەشی ئاشکرا بکات.

3.      ئەگەر خزمەتگوزارییەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و گیروگرفت بووەوە، ئەوسا پێویستە لەگەڵ ڕێکخراوەکە لەسەر خشتەیەکی کات پێک بێت بۆ چاکترکردنی جێبەجێکردن، پێش ئەوەی بڕیار بدات لەسەر کۆتاییهێنان بە پەیوەندییە داراییەکە.

4.      دەبێت پێوەرەکانی ڕاگرتنی تەمویل ڕوون و ئاشکرا و دیاریکراو بن بۆ رێکخراوەکان.

5.      هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی وەستاندنی تەمویل لەسەر سوودمەندەکان و بەکارهێنەرەکانی خزمەتگوزارییەکە و خۆبەخشەکان. پێش ئەوەی بڕیار بدرێت لەسەر کەمکردنەوە یان ڕاگرتنی تەمویلەکە و هەڵسەنگاندنی پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە بۆ رێکخراوێکی دیکەی هاوشێوە کە خزمەت بە هەمان گروپ و پرۆژە بکات.

6.      ئەگەر پەیوەندیی تەمویل یان شێوازی پشتگیرییەکە گۆڕانی بەسەردا هات یان کۆتایی هات، ئەوسا پێویستە بە نووسراو ئاگاداریینامەیەك پێشکەش بکات بە گوێرەی سروشت و ماوەی پرۆژەکە.

7.      بەکارهێنانی دەرفەتە بەردەستەکان بۆ بەشداریپێکردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمەڵگەکان.

 

بەڵێنەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان:

1.      پلاندانان بۆ ئەگەری ڕاگرتن/کۆتاییهاتنی تەمویل، لە پێناو کەمکردنەوەی هەر کاریگەرێکی نەرێنی لەسەر سودمەندەکان و رێکخراوەکە.

2.      بەشداریپێکردنی بەکارهێنەران و سودمەندانی خزمەتگوزارییەکان لە داڕشتنی پلان و جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکاندا بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە وەڵامی داواکارییەکانیان بدرێتەوە.

3.      سوود وەرگرتن لە سەرجەم ئامرازەکان بۆ بەشداریپێکردنی خۆبەخشەکان و کۆمەڵگەکان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا.

4.      پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتە گشتییهکان و رێکخراوە ناحکومییەکان لە کاتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا.

V. پەیکەری جێبەجێکردن و چاودێریكردن

1.      لایەنەکانی ئەم پەیمانە بەرپرسن لە جێبەجێکردن و چاودێری کردنی پەیمانەکە.

2.      حکومەت دەستەیەك یان دەزگایەك ڕادەسپێرێت بۆ هەماهەنگی لە جێبەجێکردنی پەیمانەکە بە پێی تایبەتمەندی.

3.      دەستە یان دەزگای بەرپرس، بە بەشداریی پەرلەمان و رێکخراوە ناحکومییەکان، ساڵانە کار دەکەن بۆ دانانی پلانێک بۆ جێبەجێکردنی پەیمانەکە.

4.      هەر دوو ساڵ جارێک لیژنەیەکی هاوبەش پێک دێت لە پەرلەمان و حکومەت و رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ چاودێری جێبەجێکردنی پەیمانەکە و پلانی کارەکان، لیژنەکە لە ساڵێکدا بە لای کەمەوە سێ جار کۆبوونەوە دەکات، و ڕاپۆرتی ساڵانە بڵاو دەکاتەوە.

5.      دەستە یان دەزگای بەرپرس بە ڕاوێژ لەگەڵ پەرلەمان و رێکخراوە ناحکومییەکان میکانیزمی شیاو دادەنێت بۆ دیاریکردنی ژمارە و نوێنەری رێکخراوە ناحکومییەکان لە لیژنەکەدا.

6.      دوو ساڵ جارێک دانیشتنێکی ئاشکرای پەرلەمان ساز دەکرێت بۆ تاوتوێی جێبەجێکردنی پەیمانەکە و گەشەپێدانی کۆمەلگەی مەدەنی.

7.      هەموارکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەیمانە لە دەسەڵاتی لایەنەکانی ناو پەیمانەکەیە، بە هەمان پرۆسەی پەسەندکردنی پەیمانەکە، پرۆژەی هەموار بە هاوبەشی ئامادە دەکرێت لە لایەن لایەنەکانی پەیمانەکە و لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت.

8.      ڕێکخراو و لایەنەکانی تری کۆمەڵگەی مەدەنی کە بەشدار نەبوون لە داڕشتن و پەسەندکردنی ئەم پەیمانە دەتوانن دوای پەسەندکردنی ناوەڕۆکی پەیمانەکە بەشدار بن، لایەنەکانی ئەم پەیمانە کار بۆ ئەوە دەکەن کە پەیمانەکە فراوان بکرێت بە شێوەیەك کە لایەنەکانی تری کۆمەڵگەی مەدەنی بگرێتەوە.