فەرمانگە و ئۆکسفام پرۆسەکانى بەهاناوەچوونیان تاوتوێکرد

ستافێکى رێکخراوى ئۆکسفامى نێودەوڵەتى کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان تارا گینگەریج جێگرى بەڕێوەبەرى بەرنامەى مرۆیی، دارڵ گریسگرابەر بەڕێوەبەرى سیاسەتى مرۆیى، سەحەر عەلى بەڕێوەبەرى کارى هاوبەش و پەرەپێدانى تواناکان ، ئاسۆ ئەحمەد لە کارى هاوبەشى ئۆکسفام سەردانى فەرمانگەیان کرد و لەلایەن بەڕێز شوان مەحمود جێگرى سەرۆکى فەرمانگە و ئارام سارمەمى بەڕێوەبەرى بەدواداچوون پێشوازیکران.

بەڕێز جێگرى سەرۆکى فەرمانگە دواى بەخێرهاتنى شاندى میوان باسى لە بازنەى ئیدارەدانى رێکخراوەکان کرد کە پێویستە چالاکتر و تۆکمەتر بکرێت و لەلایەن خۆشیانەوە رێکخراوەکان چالاکانەتر کاربکەن، گوتیشى پێویستە ناوەڕۆکى یاساى رێکخراوە ناحکومییەکان لەلایەن دامەزراوە حکومییەکان و رێکخراوەکانەوە وەک خۆى جێبەجێبکرێ و کارى پێبکرێ.

لە بەشێکى ترى گفتوگۆى هەردوولادا باس لە پرۆسەکانى بەهاناوەهاتن و بەدەمەوەچوونى قەیرانەکان کرا کە فەرمانگە وەک ڕایەڵەى پەیوەندى نێوان رێکخراوەکان و حکومەت ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت بەتایبەت لەنێوان رێکخراوە خێرخوازییەکان و ئەو رێکخراوانەى کارى مرۆیی دەکەن.

لە کۆتاییدا کۆمەڵێک پێشنیار و ڕاسپاردە گەڵاڵە کران بۆ باشترکردنى ڕەوشى کارى ئەو رێکخراوانەى لە بوارەکانى بەهاناوەهاتن و خێرخوازیدا کاردەکەن و لەلایەن خۆیانەوە ستافى ئۆکسفام سوپاسی فەرمانگەیان کرد کە پێشوازیان لێکردوون.


رێکخراوى ئۆکسفام، یەکێکە لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لە ساڵى ١٩٤٢ بۆ پرۆسەکانى خێرخوازى و بەهاناوەچوون و بەرەنگاربوونەوەى برسیەتى دامەزراوە و لە زیاتر لە ٩٠ وڵاتدا ئۆفیسیان هەیە، ئۆکسفام لە کوردستاندا لە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان تۆمارکراوە و کاردەکات.