بەشى سێیەمى بەرنامەى هەڵسەنگاندنى یاساى رێکخراوەکان لە دهۆک بەڕێوەچوو

 سەرەتا لەلایەن پەرلەمانتار سیپان ئامێدى وتەى پەرلەمان پێشکەشکرا و گوتى: پێویستە زەمینەیەکى باشتر بۆ رێکخراوەکان بڕەخسێندرێت تا بتوانن زیاتر خزمەتى جڤاکى مەدەنى بکەن و گوتیشى پێویستە رێکارى باشتر بگیرێتە بەر بۆ پرۆسەى تۆمارکردنى رێکخراوەکان و بەدواداچوونى کارەکانیان.

دواتر لەلایەن بەڕێز ئەکرەم جەمۆ سەرۆکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان وتەیەکى پێشکەشکرد و لە سەرەتادا سوپاسى رێکخراوەکانى (SIDA) و (3H)  و(ICNL) و بەڕێز هۆشیار مالۆ سەرۆکى بۆردى رێکخراوى 3H  کرد لەمەڕ رێکخستنى دیدارەکە بە سێ قۆناغ لە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و ئەمڕۆش لە دهۆک.

لە وتارەکەیدا ئاماژەى بە لایەنە ئەرێنیەکانى یاساى رێکخراوەکان کرد و چەند پێشنیارێکى خستەڕوو بۆ باشترکردنى کەرتى رێکخراوەیى و بەهێزکردنى فەرمانگە بۆ ئیجرائاتى ئیداری و باشتر بەڕێوەبردنى کارەکانى رێکخراوەکان تا رێکخراوەکان باشتر ڕۆڵى خۆیان ببینن لە کۆمەڵگەدا.

لە بەشێکى تردا گوتى: فەرمانگە سەرەڕاى لەمپەرەکانى بەردەمى بەڵام نمونەیەکى دیارە لە پێشکەشکردنى خزمەتەکانى بەئاسنترین میکانیزم و بێ بەرامبەرى و خێراترین کات، و گوتیشى فەرمانگە هۆکارى سەرەکیى بووە بۆ کردنەوەى رێگا و دەرگایەکى باش بۆ رێکخراوەکان بە تایپى لۆکاڵ و نێودەوڵەتییەکان و عێراقییەکان تا خزمەتەکانیان لە کوردستان پێشکەش بکەن و ببنە بەشێک لە جێبەجێکارى بەرنامەى حکومەت وببن بە تەواوکارى کارى یەکتر..

لە بەشێکى ترى دیدارەکەدا بەڕێز هۆشیار مالۆ سەرۆکى بۆردى رێکخراوى 3H وتەیەکى پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەى بە جارناگەى گەردوونى مافى مرۆڤ کرد کە بەشدارى هاووڵاتیان و دروستکردنى رێکخراو بە ماف ئەژمار دەکات و گوتیشى یاسى رێکخراوەکان لە کوردستان یەکێکە لە یاسا زۆر پێشکەوتووەکان و ئەو یاسایە تاکە یاسا بووە لەکاتى دەرچوواندنیدا نەتەوەیەکگرتووەکان سوپاس و پێزانینى ئاراستەى پەرلەمانى کوردستان کردووە لەبەرامبەر ئەو یاسایەدا.

لە بەشێکى تردا گوتى: زۆرێک لە گرفتە ئیداری و ئیجرائاتەکانى رێکخراوەکان لە دەرەوەى فەرمانگەیە کە تێگەیشتنێکى باش لەبەرامبەر یاساى رێکخراوەکاندا نییە.

دواتر پەنێڵە سەرەکییەکانى دیدارەکە دەستیپێکرد و لەلایەن بەڕێز خدر دۆملی چالاکوانى کۆمەڵگەى مەدەنى وتەیەک پێشکەشکرا بۆ باسکردنى گرفت و کێشە و لەمپەرەکانى بەردەم رێکخراوەکان و چۆنیەتى چارەسەرکردنیان.

دواتر لەلایەن بەڕێز شوان مەحمود جێگرى سەرۆکى فەرمانگە تیشکخرایە سەر میکانیزمەکانى فەرمانگە بۆ مامەڵەکانى ڕۆژانە لەگەڵ رێکخراوەکان و چۆنیەتى ڕاییکردنى کارەکانیان و ستراتیژى فەرمانگە بۆ داهاتووى رێکخراوەکان و کەرتى رێکخراوەیى و باسى لە چۆنیەتى چارەسەرکردنى کێشە و گرفت و کەموکوڕیەکانى نێوان رێکخراوەکان و دامەزراوە حکومییەکان کرد.

دواتر لەلایەن ئارام سارمەمى بەڕێوەبەرى بەدواداچوون باس لە ڕوانگەى فەرمانگە کرا بۆ داهاتووى فەرمانگە بۆ بەرهەمهێنان و کارکردن بە سیستمێکى ئەلیکترۆنى کە ببێتە ڕایەڵەى پەیوەندى نێوان فەرمانگە و رێکخراوەکان.

دواتر لەلایەن بەشداربووانەوە گفتوگۆ کرا لەسەر خواستى رێکخراوەکان لە دامەزراوە حکومییەکان و خستنەڕووى گرفت و کێشەکانى کەرتى رێکخراوەیى و بیروڕا لەنێوان ئامادەبووان ئالوگۆڕ کرا.