ستراتیجی کارکردنی فەرانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان

 

ستراتیژی کاردنی فەرمانگە خۆی لە ژێر رۆشنایی یاسای ژمار یەکى ساڵی ٢٠١١ ى تایبەت بەرێکخراوە ناحکومییەکان، کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، و ھەروەھا پەیڕەوی ژمارە چواری تایبەت بە فەرمانگە کە لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە دەرچووە و لە ڕۆژنامەى وەقائیعدا بڵاوکراوەتەوە، کە پێکھاتە و ئەرک و بەرپرسیارێتی فەرمانگەى تیدا دیاریکردووە، لەسەر ئەم بنەمایە فەرمانگە ستراتیژى خۆى دادەڕێژێت.

یەکەم: فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان ھەوڵدەدات ھانی گەشەکردنی کاری رێکخراوەی لەھەرێمی کوردستات بدات و زەمینەی لەبار بۆ ئەم مەبەستە لەڕێگەی پڕۆسەی تۆمارکردنی رێکخراوەکان بەشێوەیەکی ئاسان و شەفاف بڕەخسێنێت، بەشێوەیەک کە تەواوی ماددە و بڕەگەکانی یاسایی رێکخراوە ناحکومییەکان وەک خۆی جێبەجێبکات و میکانیزمى تایبەتى بۆ بدۆزێتەوە.

دووەم: فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان ھەوڵدەدات لەڕێگەی جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بەڕێکخراوە ناحکومییەکان، مەودای نێوان حکومەت و رێکخراوەکان کەمبکاتەو و رێکخراوەکان بکات بەشەریکی راستەقینەی حکومەت و بەشداریان پێبکات لەتەواوکردنی ئەو سێکتەرانەى کە تێیاندا حکومەتی پێویستى بە هێز و تواناى ڕێکخراوەکانە.

سێیەم: فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان ھەوڵدەدات ئەو هەر بڕە پارەیەک کە ساڵانە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەدا بۆ پڕۆژەی رێکخراوەکان دابینیدەکات، لە رێگەی لیژنەیەکی ھەڵبژێردراو بەشێوەیەکی شەفاف و لەچوارچێوەی پێشبڕکێیەکی دادپەروەرانەدا ببەخشێتە باشترین پڕۆژەی رێکخراوەکان، ئەو پڕۆژانەی کە لەخزمەت بەرژەوەندی گشتیدا دەبن.

چوارەم: فەرمانگە ھەوڵدەدات ڕایەڵی پەیوەندی نێوان رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان بێت، بەئاراستەی گەشەدان بەتوانای رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ بەرزکردنەوەى تواناکان و کارى پێکەوەیى و پڕۆژەى هاوبەش.

پێنجەم: فەرمانگە کاردەکات لە پێناو دروستکردن و پتەوکردنى پەیوەندی نێوان دامەزراوە حکومییەکان و رێکخراوەکان بە ئاراستەی گەیشتن بە کاری هاوبەش و پێکەوەیی و گەیشتن بە شەراکەتى ڕاستەقینە.

شەشەم: فەرمانگە کاردەکات لە پێناو کارى پێکەوەیى نێوان کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و رێکخراوەناحکومییەکان، لەچوارچێوەى پرۆسەی "بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی".

حەفتەم: فەرمانگە ھەوڵدەدات لە پەیوەندی بەردەوامدا بێت لەگەڵ رێکخراوەکان لە رێگەیکۆبوونەوەی خولیى و بەرنامەی پێکەوەییان ھەبێت، بەشێوەیەک فەرمانگە بەردەوام لە ئاستەنگ و گرفتی رێکخراوەکان ئاگاداربێت و کار بکات لەپێناو کەمکردنەوە و چارەسەرکردنیان.

هەشتەم: فەرمانگە کاردەکات لەپێناو گەیشتن بە سیستمێکى ئەلیکترۆنى بۆ ڕاییکردنى مامەڵەکانى فەرمانگە لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان و چالاکوانانى کۆمەڵگەى مەدەنى.

 

فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان

2013