لە سلێمانى کۆنفرانسى هەڵسەنگاندنى یاساى ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەڕێوەچوو

لەژێر ناونیشانى هەڵسەنگاندن و هەموارکردنەوە یاساى ڕێکخراوە ناحکومییەکان، کۆنفرانسى هەموارکردنەوەى یاساى ژمارە یەکى ساڵى ٢٠١١ لە سلێمانى بەڕێوەچوو.

بە بەشدارى ژمارەیەکى زۆر لە چالاکوانانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە سنورى پارێزگاى سلێمانى کۆنفرانسى هەڵسەنگاندن و هەموارکردنەوە یاساى ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەڕێوەچوو، کە لەلایەن ڕێکخراوەکانى (SIDA) و (3H) و (ICNL) ڕێکخرابوو.

کۆنفرانسەکە بە وتارى بەڕێز ئەکرەم محەمەد جەمۆ سەرۆکى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەستیپێکرد، و لە وتارەکەیدا تیشکى خستەسەر ئەرک و بنەماکانى کارکردنى فەرمانگە لە ڕابردوودا، و شێوازى کارکردنى شەش ساڵەى ڕابردووى فەرمانگەى باسکرد و دواتر بەشێک لە پلانەکانى داهاتووى فەرمانگەى بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ کەرتى ڕێکخراوەیى باسکرد، ئاماژەى بە هەوڵەکانى فەرمانگە کرد بۆ بەرەوپێشبردنى کەرتى ڕێکخراوەیى و ئاماژەى بە هەماهەنگى نێوان فەرمانگە و ڕێکخراوەکان کرد.

دواتر لەلایەن بەڕێز وشیار مالۆ سەرۆکى ڕێکخراوى (3H) وتارێکى پێشکەشکرد و تیشکى خستەسەر چۆنیەتى گەیشتن بە ئامانج و مەبەستەکانى یاساى ڕێکخراوەکان و بەهێزکردنى پێگەى ڕێکخراوەکان لە کوردستاندا.

دواتر پانێڵەکانى کۆنفرانس دەستیپێکرد و سەرەتا لەلایەن بەڕێز ئاوات پیروەیس بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى (DHRD) هەڵسەنگاندنى بۆ یاساى ژمارە یەکى ساڵى ٢٠١١ى ڕێکخراوەکان کرد و ئاماژەى بە ئاستەنگ و لەمپەرەکانى جێبەجێکردن و کەموکوڕیەکانى یاساکەى خستەڕوو.

لە بەشى دووەمى پانێڵەکەدا بەڕێز شوان مەحمود جێگرى سەرۆکى ڕێکخراوە ناحکومییەکان تیشکى خستەسەر چۆنیەتى مامەڵە کارگێرى و دارایى و تەکنیکیەکانى فەرمانگە لەگەڵ ڕێکخراوەکان و لەمپەر و ئاستەنگەکانى بەردەم فەرمانگە و ڕێکخراوەکانى خستەڕوو.

لە بەشى سێیەمدا بەڕێز ئارام سارمەمى بەڕێوەبەرى بەدواداچوونى فەرمانگە باسى بەرنامەى فەرمانگەى کرد بۆ داهاتوو کە لە ئێستادا فەرمانگە کاردەکات بۆ گەیشتن سیستمێکى ئەلیکترۆنى تا لەڕێگەیەوە مامەڵەى ڕێکخراوەکان لە ڕایی بکرێن.

لە کۆتاییشدا ڕاوبۆچونى بەشداربووان وەرگیرا لەسەر وتار و پانێڵەکان و پێشنیار بۆ بەرەوپێشبردنى کەرتى ڕێکخراوەیى و فەرمانگە خرانەڕوو.