بەرپرسیاریەتى کۆمەڵایەتى کۆمپانیاکان (CSR)

هاوكارى به‌رپرسیاریه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی: پابه‌ندبوونێكى ره‌وشتى (خۆبه‌خشیه‌) كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ته‌ له‌ په‌یوه‌ند به‌فه‌رمانبه‌ره‌كانی به‌تایبه‌تى و ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگا به‌گشتی بۆ چاككردنی باری ژیانیان له‌ رێگه‌ى پێشكه‌ش كردنى خزمه‌تگوزارى ئابورى به‌ كۆمه‌ڵگا.

له‌م پێناسه‌یه‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ پێویسته‌ كۆمپانیاكانى كه‌رتى تایبه‌ت پابه‌ندبن به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵگا به‌ره‌چاوكردنی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، هه‌ندێك له‌ پسپۆران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌رنامه‌كانى خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگا له‌ رێگه‌ى كۆمپانیاكانه‌وه‌ كارێكی ئاره‌زومه‌ندانه‌ نیه‌ به‌ڵكو ئه‌ركێكه‌ نیشانده‌رى ئاستى ئینتیماى كۆمپانیاكه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌یه‌كه‌ كاری تێدا ده‌كات .

پیاوانی كار وا ده‌ڕواننه‌ چه‌مكى به‌رپرسیاریه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو كۆمپانیاكانیان، كه‌ بیرۆكه‌یه‌كی نوێیه‌ و له‌هامان كاتدا له‌ گۆڕان و پێشكه‌وتن دایه‌ و په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی هه‌یه‌ به‌ پێشكه‌وتنی به‌رده‌وام، بۆیه‌ كۆمپانیاكان پابه‌ند ده‌كات به‌ ئه‌نجامدانی كاری به‌رپرسیاریه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌پاڵ ئه‌و قازانجانه‌ى كه‌ كۆمپانیاكه‌ به‌ده‌ستى ده‌هێنێت، له‌ رێگای گرنگی دان به‌ ژینگه‌ و به‌شداریكردن له‌ بوژانه‌وه‌ی بوراى ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی .

رۆڵى فه‌رمانگه‌ له پرۆسەی CSR

فه‌رمانگه‌ی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان رۆڵێكی گرنگی ده‌بێت له‌ گه‌شه‌دان به‌ بیرۆكه‌ى به‌رپرسیاریه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رمانگه‌ ده‌بێته‌ پردێك له‌نێوان كۆمپانیاكان و رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی كار پێكه‌وه‌یی بۆ خزمه‌تگه‌یاندن به‌ كۆمه‌ڵگا و هاووڵاتیان، له‌رێگای هاوكاریكردنى دارایى ئه‌و پرۆژه‌كۆمه‌ڵایه‌تى و خزمه‌تگوزاریانه‌ى كه‌ كۆمپانیاكان ده‌یبه‌خشنه‌ رێكخراوه‌ كوردستانیه‌كان به‌ هاوكاری حكوومه‌ت له‌ رێگه‌ى فه‌رمانگه‌ى رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ یه‌كێك له‌ هه‌نگاوه‌ گرنگه‌كانى به‌ره‌و پێشخستنى كاری رێكخراوه‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان داده‌ندرێت هه‌روه‌ها به‌ مۆدێلكردن و هاندانی كاری به‌رپرسیاریه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ ناو كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان و بیانییه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌بێته‌ هۆی په‌یداكردنی سه‌رچاوه‌ى ترى دارایى بۆ هاوكاریكردنى پرۆژه‌ى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، چوونكه‌ له‌ ئێستادا سه‌رچاوه‌ى به‌خشینى دارایی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ته‌نها حكومه‌ت و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ فه‌رمانگه‌ی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان له‌م بواره‌دا كاری جددی ئه‌نجام بدات بۆ په‌ره‌پێدانی رێكخراوه‌كان و كۆمپانیه‌كانیش .

گرنگی CSR بۆ کۆمپانیاکان

له‌م رۆژگاره‌دا هه‌ڵسه‌نگاندنی كاری كۆمپانیاكانى كه‌رتى تایبه‌ت به‌ ته‌نها پشت نابه‌ستێت به‌و قازانجه‌ى كه‌ به‌ده‌ستى ده‌هێنێت یان ئه‌و بره‌ پاره‌یه‌ی كۆمپانیاكه‌ خاوه‌نیه‌تى، به‌ڵكو له‌ دوونیاى نوێدا یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانى هه‌ڵسه‌نگاندنى كارى كۆمپانیاكانى كه‌رتى تایبه‌ت، بیرۆكه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی كۆمه‌لایه‌تیه‌، له‌ زۆربه‌ی كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان CSR ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌ كه‌ رۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ و ده‌بێته‌مایه‌ى پێشخستنى ژێرخانی ئابووری و كۆمه‌لایه‌تی. و گرنگیشه‌ كۆمپانیاكان له‌سه‌ر بنه‌مای سێ ره‌هه‌ندى سه‌ره‌كى بووژانه‌وه‌ كاربكه‌ن ئه‌ویش بوژانه‌وه‌ی ئابووری و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ پاراستنی ژینگه‌یه‌